پەیماننامەی سیڤەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-16-04:52:00 - کۆدی بابەت: 5359
پەیماننامەی سیڤەر

ناوه‌ڕۆك

پەیماننامەی سیڤەر چییە؟

ئەم پەیماننامە لە 10ی 8ی 1920 لە نێوان دەوڵەتانی (توركیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیكا و یۆنان و پۆڵەندا و پورتوگال و ڕۆمانیا سڕبیا و كرواتیا و سلوانیا چیكۆسلۆڤاكیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا – وەك چاودێر )مۆركرا كە (شەریف پاشا) وەك نوێنەری كورد بواری پێدرا بەشداری بكات، ئەم پەیماننامە وەك چارەسەر بۆ كێشەی ووڵاتانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی كە هاوپەیمانان داگیریانكردبوو بەسترا كە لە (422) ماددە پێك هاتبوو، كە بەندەكانی (62-63-64) دەربارەی ناوچەی كورد و ناوچە كوردیەكان بوو.

ماددەی (62)

لیژنەیەك لە سێ‌ ئەندام پێك دێت كە لە (3) كەسایەتی (بەریتانی و فەڕەنسی و ئیتاڵیا) كە حكومەتی ئەو سێ‌ دەوڵەتە دیاری دەكەن، مەڵبەندی لیژنەكەش شاری (ئەستەنبوڵ) دەبێت، ئەم لیژنەیەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا كارەكانیان ئەنجام بدەن، كارەكەشیان ئامادەكردنی یاسایەكە بە مافی فەرمانڕەوایی حوكمی خۆجێیی بۆ كوردستان كە زۆرترینی دانیشتوانی كوردن و كەوتۆتە خۆرهەڵاتی فوڕات و باشووری سنوری ئەرمینیا و باكووری سنوری سوریا و عێراق، هەروەها وەك لە بەندی (27) لە ماددەی (2،3) دا دیاری كراوە ئەگەر ئەندامانی لیژنەكە بڕیاریاندا لەسەر هەر كێشەیەك لە كێشەكان نەدا ئەوا هەر ئەندامێك كێشەكەی بەرەو ڕووی حكومەتەكەی دەكاتەوە، ئەم پڕۆژەیەش وا پێویست دەكات كە مافی ئاشوری و كلدانی و كەمەنەتەوەیی و ئایینیەكان لە خاكی كوردستاندا دەژین دیاری بكات، لەپێناوی ئەم مەبەستەدا لیژنەیەك لە ئینگلیز و ئیتاڵی و ئێرانی و كوردێك ئەنێردرێت بۆ ناوچەكە، ئەم لیژنەیە بڕیار لەسەر گۆڕانكاری لەسەر سنوری توركیا دەدات، ئەگەر پێویستیشی كرد بەپێی بەندەكانی پەیماننامە ئەوا سنوری نێوان توركیا و ئێران دەكات.

ماددەی (63)

دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدات بەپێی بڕیارەكانی لیژنەی ناوبراو كە لە بەندی (63)دا هاتووە دوو لیژنە ئامادەبكات و لە ماوەی (3) مانگدا دوای دەرچوونی ئەم بڕیارانە بڕیاری پێویست جێبەجێ‌ بكات.

ماددەی (64)

ئەگەر گەلی كورد لەو ناوچەیەی كە لە بەندی (62)دا هاتووە لە ماوەی ساڵێكدا ڕووی كردە كۆمەڵەی نەتەوەكان و زۆرترینی دانیشتوانی ناوچەكە ئارەزووی جیابوونەوەیان كرد لە توركیا، وە ئەگەر كۆمەڵەی نەتەوەكان زانیان ئەم گەلە شایانی ئەم سەربەخۆییەن ئەوا كۆمەڵەی نەتەوەكان ئامۆژگاری توركیا دەكات بۆ ئەم مەبەستە توركیاش دەبێت ئەم ئامۆژگاریانە جێ‌ بەجێ‌ بكات، بەوەی وازدەهێنی لە هەموو مافەكانی خۆی لەو ناوچانە كە ئەم پەیماننامە دەیگرێتەوە، ئەگەر ئەم وازهێنانەش لەكاتی خۆیدا جێبەجێ‌ كرا ئەوا هێزە هاوپەیمانەكان هیچ كۆسپێك ناخەنە بەردەم ئەو ڕێگایەی كە دەبێتە هۆی یەكگرتنی ئەو دەوڵەتە كوردییە سەربەخۆییە لەگەڵ ئەو كوردانەی لە ویلایەتی موسڵیشدا دەژین.

بەڵام ئەم پەیمانامەیە سەری نەگرت و پەیمانێكی تر شوێنی گرتەوە كە ئەویش پەیمانی لۆزان بوو.


سەرچاوەکان



3294 بینین